لە رۆژی جیهانیی ژناندا، سزای ژنانی زیندانیی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان و حبس ئەبەد هەڵوەشێنرێتەوە
بەیاننامەی سکرتاریەت
ڕێکخراوی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤی کوردستان
بە بۆنەی پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی ژنان لە هەموو ژنانی کوردستان، ئێران و جیهان و بە یادهێنانەوەی دۆخی ژنانی زیندانی و لەبەندکراو، هەروەک لە راپۆرتە بڵاوکراوەکانی ناوەندە چالاکەکانی مافی مرۆڤدا هاتووە، دەیان ژنی زیندانی بە تاوان و تۆمەتی جۆراوجۆری ناڕامی و سیاسی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و سەدان ژنیش لەژێر ئەو ناونیشانانەی سەرەوەدا ڕووبەڕووی حوکمی قورسی زیندانیکردن بوونەتەوە.
لەو پەیوەندییەدا لەو ژنانەی کە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ڕووبەڕووی حوکمی لەسێدارەدان بوونەتەوە، دەکرێت ئاماژە بە دوو ژنی زیندانیی کورد بە ناوەکانی «وریشە موحمەدی» و «پەخشان عەزیزی» و هەروەها «شەریفە موحمەدی» بكرێت و هەروەها باسی زیندانیی سیاسیی سزادراو بە حبس ئەبەد «زەینەب جەلالیان» بکرێت کە نزیکەی ١٧ ساڵە لە زینداندایە.
ڕێکخراوی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ژنانی سزادراو بە لەسێدارەدان، بەتایبەت خانمەکان وریشە موحمەدی، پەخشان عەزیزی، شەریفە موحمەدی و زیندانیی سزادراو بە حبس ئەبەد زەینەب جەلالیان، لە «رۆژی جیهانیی ژناندا» داوای پێداچوونەوە بە دۆخی دادوەری و هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی لەسێدارەدان و حبس ئەبەدی ناوبراوان و سزادراوانی تری لەسێدارەدان دەکات.
ڕێکەوت؛ ١٨ی رەشەمەی ١٤٠٣ بەرامبەر بە ٨ی مارسی ٢٠٢٥


