حوکمی لەسێدارەدانی وریشە مورادی هەڵوەشایەوە
چاودێرانی ڕێکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی کوردستان:
بەپێی ڕاگەیاندنی بەڕێز مستەفا نیلی پارێزەری خانم وریشە مورادی زیندانی سیاسیی کورد: دوای پێداچوونەوە بە داواکاریی فرجامخوازی سەبارەت بە خانم وریشە مورادی، لە لقی ٩ی دیوانی باڵا، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پەیڕەونەکردنی ڕێکارە یاساییەکانی تۆمەتبارکردن لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا، دادنووسی دەرچوو لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە ڕادەستی هەمان لق کرایەوە و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی خانم مورادییش، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٩ی ئازەری ١٤٠٤) بە پارێزەرانی دۆسیەکەی ڕاگەیەندرا.
وریشە مورادی لە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٠ی مردادی ١٤٠٢) لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە و پێنج مانگ ژووری تاکەکەسی لە دەستبەسەرگەی اطلاعاتی تاران، بۆ بەندیخانەی ژنانی ئێوین گواسترایەوە و پاشان لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی باغی، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.


